١٠ ئاب ٢٠١٦ - ١٧:٤٣
800 کەس لە موسڵ لە چنگی داعش هەڵاتن

ئەفسەرێکی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئەو هێزە لە باشوری موسڵ پێشوازی کرد لە 800 کەس کە لە چنگی گروپی تەکفیری - تیرۆریستی داعش هەڵاتبون و رزگاریان ببوو.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی عێراقی سومریە نیوز ئەمیر کوێخا عەزیز وتی:هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی مەخمورپێشوازیان کرد لە 800 کەسی هەڵاتوو لە چنگی تیرۆریستانی داعش کە رزگاریان ببوو.

ناوبراو وتیشی: ئەو کەسانە کە زۆربەیان ژن و مناڵ و پیرن خەڵکی گوندێکی ژێر کۆنتڕۆڵی داعشن لە موسڵ.

هێزە عێراقییەکان مانگی ڕابردوو هەڵمەتی ئازاد کردنی پارێزگای نەینەوا بە تایبەتی شاری موسڵیان وەکو پێگەی سەرەکیی گروپی تیرۆریستی داعش لە عێراق دەست پێکرد کە لە میانەی دا کۆمەڵێک گوند لە باشوری موسڵ ئازادکران.

کاربەدەستێکی خۆجێیی عێراق ڕۆژی چوارشەممە وتی: لە ئاکامی پەلاماری داعش بۆ باشوری موسڵ هەزار کەس لە دانیشتوانی گوندێکی سەر بە قەزای قیارە ئاوارە بوونە.

 سەرچاوەکانی قەزای حەوێجە ڕایانگەیاند ئەندامانی داعش 20 لاوی عێراقیان بە تۆمەتی خۆبواردنی ئەوان بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزەکانیان لە ئاگر دا سوتاندوە.

پێشوتریش کاربەدەستانی قەزای حەوێجە ڕایانگەیاند داعش 200 هەزار کەس لە خەڵکی حەوێجەی لە باشوری رۆژئاوای کەرکوک و ناوچەکانی دەوروپشتی گەمارۆ داوە و نەبوونی خۆراک و مادەی تەندورستی تەنگی پێ هەڵچنیون...

کۆتایی کورتە نامە/310